ئاڵدار خەلیل یەکێک لە ئەندامانی دەستەی ڕێبەرایەتی پەیەدە لە لێدوانێکدا هۆشداریی دا کە گۆڕانکاری سیاسی و پێکهاتەیی ئەم دواییە لە تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی سووریا دەبێت و جەختی کرد کە ڕیشەی زۆربەی قەیرانە ناوچەییەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیمۆکراسی لە تورکیا.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی ڕێبەرایەتی پەیەدە، لە لێدوانێکدا لە یەکەم کۆنفڕانسی کۆمەڵگای کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند: گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تورکیا بێ گومان لەسەر سووریاش کاریگەر دەبێت. هەموو کێشەکانی ئێمە لێرە پێوەندی بە دیمۆکراتیزەبوونەوەی تورکیا هەیە؛ هەموو ڕێگاکان دەگڕێتەوە بۆ ئیمرالی.
خەلیل بە ئاماژە بە گفتوگۆکانی ئێستا لەگەڵ دیمەشق بۆ پێکهێنانی سووریایەکی نوێ، زیادی کرد: ئێمە خەریکی دانوستان بۆ پێکهێنانی سووریایەکی نوێین، بەڵام بەرپرسانی دیمەشق هەنگاوی کردەیی هەڵناگرن. ئەوان لە چوارچێوەیەکی داخراودا ماونەتەوە لە حاڵێکدا کە ئێمە ساڵەهایە لێی دەرهاتووین. ئەوان بە بێ ڕەزامەندی تورکیا هیچ بڕیارێک نادەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کرد: گەمارۆی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هەر درێژەی هەیە. هەموو ئەو کێشانە، لە سووریاوە بگرە تا غەززە لە کۆتاییدا بە پرسی دیمۆکراتیزە بوونەوەی تورکیا گرێ دراوە. هەموویان بە ئیمراڵی کۆتایی دێن.
Your Comment